شه‌وێكێ سوڵتان مه‌حموودی غه‌زنه‌ویی/ ئاینی

شه‌وێك " سوڵتان مه‌حموودی غه‌زنه‌ویی " هه‌رچیی كرد خه‌وی لێ نه‌كه‌وت ، ده‌ست و پێوه‌نده‌كه‌ی بانگ كرد و گوتی : سته‌م له‌ كه‌سێ كراوه‌ و بڕۆن بۆم بهێنن .
دواى كه‌مێ گه‌ڕان خزمه‌تكاران گه‌ڕانه‌وه‌ و گوتیان : سوڵتان سه‌لامه‌ت بێت ، به‌ڵام سته‌م لێكراوێكمان نه‌بینیی .
به‌ڵام سوڵتان هه‌ر خه‌وی لێ نه‌كه‌وت . هه‌ر بۆیه‌ خۆی هه‌ڵسا و به‌ پۆشاكی ساده‌وه‌ خۆی گۆڕیی و چووه‌ ده‌ره‌وه‌ ، له‌پشتی كۆشكه‌كه‌یه‌وه‌ و له‌ په‌نای حه‌ره‌مسه‌رادا ناڵه‌یه‌كی بیست ، كه‌ ده‌یگوت : خودایا ، ئێستا سوڵتان مه‌حموود له‌گه‌ڵ هاوده‌مه‌كانیدا دانیشتووه‌ و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و ئاگادار نیه‌ له‌ نزیكی كۆشكه‌كه‌یدا ئه‌م سته‌مه‌ له‌ من ده‌كرێت .
سوڵتان لێی نزیك كه‌وته‌وه‌ و گوتی : ئه‌وه‌ چیی ده‌ڵێیت ؟ من مه‌حموودم و بۆ سۆراغی تۆ هاتووم ، چیرۆكه‌كه‌تم بۆ بگێڕه‌وه‌ . پیاوه‌كه‌ گوتی : یه‌كێك له‌ پیاوه‌كانت كه‌ ناوی نازانم شه‌وانه‌ هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌م و به‌ زۆر ده‌ستدرێژیی ده‌كاته‌ سه‌ر ژنه‌كه‌م و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌دات .
سوڵتان پرسیی : ئێستا له‌ كوێیه‌ ؟
پیاوه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ : له‌وانه‌یه‌ چووبێت .
سوڵتان گوتی : هه‌ر كاتێ هات ئاگادارم بكه‌وه‌ ، پیاوه‌كه‌ی به‌ پاسه‌وانی كۆشك ناساند و گوتی : هه‌ر كاتێ ئه‌م پیاوه‌ داوای منی كرد ، بیگه‌یه‌ننه‌ لام ئه‌گه‌ر له‌ نوێژیشدا بم .
شه‌وی دواتر هه‌مان ئه‌فسه‌ر چووه‌وه‌ سه‌ر ماڵی ئه‌و پیاوه‌ سته‌م لێكراوه‌ . پیاوه‌كه‌ش به‌ خێرایی خۆی گه‌یانده‌ كۆشكی سوڵتان ، سوڵتانیش به‌ شمشێری هه‌ڵكێشراوه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵی پیاوه‌كه‌ كه‌وته‌ ڕێ .
له‌ نزیكی ماڵی كابرادا گوێی له‌ ده‌نگی رابواردنی پیاوه‌كه‌ بوو ، فه‌رمانیدا چرا بكوژێننه‌وه‌ ، ئینجا چووه‌ ژووره‌وه‌و سته‌مكاره‌كه‌ی كوشت . دوای ئه‌وه‌ فه‌رمانی كرد چرا هه‌ڵكه‌نه‌وه‌ و ته‌ماشای روخساری كوژراوه‌كه‌ی كرد ، یه‌كسه‌ر سووژده‌ی سوپاسی بۆ خودا برد . دوای ئه‌وه‌ سوڵتان گوتی : هه‌رچیتان هه‌یه‌ بۆ خواردن بۆم بهێنن .
پیاوه‌كه‌ پارچه‌ نانێكی بۆ هێنا و هۆكاری كوژاندنه‌وه‌ و هه‌ڵكردنه‌وه‌ی چراكه‌ و سووژده‌ بردن و دوای ئه‌وه‌ش داوای خواردن كردنه‌كه‌ی له‌ سوڵتان كرد ، سوڵتان گوتی : ئه‌و شه‌وه‌ كه‌ گوێم له‌ چیرۆكه‌كه‌ت بوو ، بیرم كرده‌وه‌ له‌ كاتی ده‌سه‌ڵاتی مندا هیچ كه‌سێك زاتی ئه‌م كاره‌ی نیه‌ ، مه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی خۆم ، گوتم چرا بكوژێننه‌وه‌ هه‌تا سۆزی باوكایه‌تیی رێگر نه‌بێت له‌ راپه‌ڕاندندنی دادگه‌ریدا ، چراكه‌ش كه‌ هه‌ڵكرا دیتم كه‌ بێگانه‌یه‌ ، بۆیه‌ سووژده‌م بۆ خوا برد ، به‌ڵام نان ویستنه‌كه‌شم له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو ، له‌و كاته‌وه‌ كه‌ چیرۆكه‌كه‌م له‌ تۆوه‌ بیست په‌یمانم به‌ په‌روه‌ردگاردا كه‌ نان نه‌خۆم هه‌تا هه‌قت له‌و سته‌مكاره‌ وه‌رنه‌گرمه‌وه‌ ، بۆیه‌ زۆر برسیم بوو !

0 comments: